Monday, June 3, 2013

ساتێك لەگەڵ میوەكاندا

ئەگەر ڕۆژێك بۆ چەند ساتێك لەگەڵ میوەكاندا بدوێین،هەست دەكەین ئەوانیش ناڕازین و گلەییان هەیە،لەدەست مرۆڤی دەست پیس هەراسان بووینە.
تەماتە دەڵێ‌:جاران من تامێكی مەیلەو مزرم هەبوو،لەهەموو شت هەرزانتر بووم،بۆیە لە هەموو ماڵێكدا هەبووم و خۆشیاندەویستم،زۆرجاریش لەبەر ڕوومەتی سوورم هەر بەخاوی دەیانخواردم...ئێستا هەر ڕۆژەی تەماتەی وڵاتێك دێنن و ڕەق و بێ‌ تام وتەنها دیكۆرە،منیشیان پێ‌ سووك كردووە..
شووتی دەفەرموێ‌: مرۆڤی ئەو زەمانە قەت تێر نابن،هێندە بێ‌ سەبرن لێناگەڕێن بەئارەزووی خۆم پێ‌ بگەم،ڕۆژێ‌ مەوادی كیمیاوی دەخەنە قنم و ڕۆژێ‌ حەبی دیكسۆنم دەدەنێ‌،هەتا زوو زەبەلاح بم بۆیە كە گەورەش دەبم،ڕەزام گران دەبێ‌ چونكە یەك قل تامم نیە..
پەتاتە لەملاوە هاواریەتی دەڵێ‌ : جاران یەكسەر دەكرامە چێشت و ژەمێكی باش خەڵكم تێر دەكرد،مرۆڤی ئێستا هەر ناشوكرن،دەمكەن بە چپس وەك چەرەس دەمقرتێنن،لەگەڵ هێلكەی ئامۆزام تێكم دەشێلن،دەمكەن بەكێك،سوورم دەكەنەوە دەمكەن بە كوببە،دەمخەنە درزی دۆڵمەوە،لەگەڵ گۆشتاو تێكەڵم دەكەن،دەمكەن بەشلە،هێشتا هەر پرتەو بۆڵەیان دێ‌...
پرتەقاڵی عاشقیش،دەڵێ‌ من جاران هەر بە ڕووتی جوان بووم و هەر بە ڤیتامین   سی  پێستی مرۆڤم وەك ڕوومەتم ئاڵ دەكرد،ئێستا بە فرت وفێڵ گەورەم دەكەن و بەرگی دەرەوەم لەناوەوە جوانترە،بۆیە زۆر جار هەر بۆ دیكۆر دامدەنێن..
كاڵەكیش لەلێدوانێكی دا دەفەرموێ‌ : من بەو بێ‌ ئاوییە،ئەم هەموو ئاوە خۆشە لە هەناوم دەبەخشم،خۆ ئەگەر پێویستم بە ئاو بوایە،ئەوا دەمێك بوو ئینقیرازم دەكرد..
لەولاترەوە هەرمێ‌ بە كزو ماتی هەڵكورمابوو،دیگووت پێشان ئێمە تام وقیمەتی خۆمان هەبوو،هەموو كەس نەیدەتوانی بمانكڕێ‌،ئێستا هەر ساڵەو نەوعە میوەیەكی عەنتیكە پەیدا دەبێ‌،كەس نازانێ‌ زەرەری هەیە یان زیان،مرۆڤیش هەر بەدیكۆرو تام هەڵدەخەڵەتێ‌...
خیاریش سەرباری نەهامەتیەكانی خۆی،دەردی دڵی ترۆزی ئامۆزای بەیان دەكاو پێی وایە مرۆڤ لەم چەند ساڵەی دواییدا،زۆر بێ‌ ڕەحمانە ترۆزی ئیهمال كردووە،پێشتر ئەویش ڕێزو حورمەتی خۆی هەبوو،لە كۆشك و سەر سفرەی ڕازاوە دەبینرا...
بەهەرحاڵ  ، زەمەنێكە تێیكەوتووین،هیچ دوور مەبینە وەك خەیاڵی زانستی،ڕۆژێك ئەو     میوە    بەتامانە بەرەیەكی یەكگرتوو پێك بهێنن و دژی مرۆڤ  مان  بگرن و یەك بەرهەمی خۆیان نەخەنە بازاڕەوەو بە    ئابڵوقەی میوە   مرۆڤی بێوەفاش لەنازو نیعمەتی خۆیان بێ‌ بەش بكەن..

No comments:

Post a Comment