Monday, June 3, 2013

ئازادى

مرۆڤ بەئازادی لەدایك دەبێت،بەڵام مەرج نیە بەئازادی بمرێ‌.
كۆیلایەتی وبەندەواری مرۆڤ هەمیشە پەیوەست نین بەتەنیا  بەهەل ومەرجە بابەتیەكانەوە زۆر جاریش دەشێ‌ مرۆڤ ببێتە كۆیلەی هەواوهەوەسەكانی خودی خۆی،وەدەشێ‌ بە پێچەوانەوە ببێ‌ بەكۆیلەی ترس ودڵە ڕاوكێ‌ و نائومێدی وگۆشە گیری.
ئازادی هەر بەتەنیا بەڕەهایی نوسین و ڕادەربڕین وقسەكردن و بەشداریكردنی سیاسی نیە،هەروەكو بەتەنیا ئازادی جەستەش نیە.
ئازادی وێردی سەرزمانی مرۆڤ بوەو دەبێ‌،بووە بەسرودو بەئاوات وئامانجی پیرۆزو بە هەزاران هەزار شیعرو ڕۆمانی بۆ نوسراوەو،لەپێناوی دا بەڕوبار خوێن ڕژاوە.
هەرزەكارێك پێی وایە،ئازادی یانی نەبوونی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك و ڕێگرێك لەبەردەم بەدیهێنانی خواستە خەیاڵاتی و جەستەییەكانی خۆی دا.
جیهادی یەك پێی وایە سڕینەوەی تەواوی ئاسەوارەكانی ئەو مرۆڤانەی كە وەكو ئەو نین،مافی ڕەهای خۆیەتی و بەمشێوەیە ئازادی هەردوو دونیا بۆ مرۆڤ بەدی دێنێ‌.
سیاسەتمەدارێك  لێرە بێ‌ یان لەولا یان لەولاتر : پێی وایە ، دروستكردنی هەل ومەرجی دەنگ دان بەهەڵبژاردنی یەكەم یان دووەم ، دابین كردنی ئازادی سیاسیە.
نەتەوەیەكی ژێر دەست تا ڕزگاری دەبێ‌ لەدەستی نەتەوە چەوسێنەرەكەی،بەهەزاران هەزار ڕۆڵەی نەتەوەكەی دەكاتە قوربانی ئەو ئازادی یە،بەڵام مەرج نیە دواجار بۆخۆشی هەموو ئازادی یەكان بدا بەڕۆڵەكانی نەتەوەكەی خۆی.
كەسێكی بڕوا دار پێی وایە هەموو ئازادی وخواستەكانی هەردوو دونیای مرۆڤ،لەدینەكەی ئەودایە 
شاعیرێك پێی وایە شكاندنی چوارچێوەیەكی شیعری باوو سواو ، ڕیزكردنی ووشە بەپێی خواستە خەیاڵی یەكانی خۆی و بەئاشكرا نوسین وخوێندنەوەیان ، داهێنانی ئازادی یە.
هەموو سیستەمێكی دەسەڵات،هەموو جۆرە دەسەڵاتەكانی دینی و دونیاییش،تەنانەت سیستەمەكانی هونەری و ئەدەبی و وەرزشی و......  هتد ، بەشێوەیەك لەشێوەكان چوارچێوەو قاڵب بەندی خۆیان هەیەو ئازادیەكانیش دەكەونە ناوئەو قاڵب و چوارچێوانەوە.
شكاندنی بازنەكان،ئازادی یە .!
دەرچوون لە داب ونەریتەباوەكان ئازادی یە .!
یاخی بوون ئازادی یە .!
هەڵاتن ئازادی یە.!
دواجار : ئازادی چەمكێكی ڕێژەیی پیرۆز كراوە،بەهاو  واتاكانی بەندە بەكات و سات و شوێن و هەل و مەرجی تاك وگروپ و كۆمەڵ و ....  تادەگاتە ئەودیوی سنورەكانی خەیاڵ و حەقیقەت و،دواجاریش واتاكانی مەرگ و ژیان.

No comments:

Post a Comment